مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە وتارێکیدا لە لوتکەی عەرەبی-ئیسلامی لە دەوحە رایگەیاند کە هیچ وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامی لە هێرشەکانی ئیسرائیل پارێزراو نییە و "هیچ بژاردەیەکی ترمان لەبەردەمدا نییە جگە لە یەکخستنی ریزەکانمان."
پزیشکیان هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر قەتەر بە "تیرۆرێکی ئاشکرا کە هەموو نەریتە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات" وەسف کرد و وتی: "ئامانج لەم دوژمنکارییە تێکدانی ئەو هەوڵانەیە کە بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە دەدرێن."
"ئیسرائیل بە پشتیوانی رۆژئاوا لە سزا دەربازی دەبێت"
سەرۆک کۆماری ئێران ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی "کردەوەی کۆمەڵکوژی و بەکارهێنانی وێرانکاری و برسیکردن" و وتیشی: "ئەم کردەوانە ئەمڕۆ دژی وڵاتی قەتەریش فراوان دەبنەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "قەوارەی زایۆنی ئەمساڵ بە بیانووی بەرگریکردن لە خۆی، هێرشی کردۆتە سەر زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی."
پزیشکیان جەختی کردەوە کە ئیسرائیل "بەهۆی بوونی پشتیوانیی رۆژئاواوە، بەردەوامە لە هێرشەکانی و لە سزا دەربازی دەبێت."
داوای یەکڕیزی و لێپرسینەوە:
لە کۆتایی وتارەکەیدا، پزیشکیان داوای کرد: "پێویستمان بە یەکێتی و هاوپشتییە لە روبەروبوونەوەی ئیسرائیل، چونکە دڵنیابن هیچ وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامی لە هێرشەکانی پارێزراو نییە."
هەروەها داوای کرد کە "پێویستە لێپرسینەوە لە سەرکردەکانی ئیسرائیل بکرێت" و "پێویستە ئوممەتی ئیسلامی لە روبەروبوونەوەی ئەم قەوارە زایۆنییە زۆردارە یەکبگرێت."