دادگاییکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانی ئەدیرنە بەڕێوەچوو
کوردسات نیوز
٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣
دادگایکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکرات گەلان"ھەدەپە"لە لایەن دادگای تاوانەکانی ١٤ی مێرسین، بە ئامادەبونی ٢٥ پارێزەری بەرگری لە دۆسییەکانی دەمیرتاش، لە زیندانی ئەدیرنە کە ماوەی حەوت ساڵە لەو زیندان دەستبەسەرە بەڕێوەچوو، دەمیرتاشیش لە رێگەی سیستمی دەنگ و رەنگ بەشداری دادگاییکردنەکەی کرد.
دەمیرتاش لە دادگا جەختی لەوەکردەوە، ئەگەر سەد ھەزار ساڵیش بچێتە زیندان، بەردەوام دەبێت لە وتنی راستییەکان و کەس ناتوانێت ملکەچی بکات.
ھاوکات عەلی بۆزان جێگری ھاوسەرۆکی ھەدەپ لە مێرسین کە لە دادگاییەکە ئامادەبووە، رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە خەبات تا گەلی کورد لە خاکی خۆی بە کەرامەت و یەکسانی و ئازادیی بژی.
پارێزەرەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، ١٠ دۆسیەی جیاواز لەسەر دەمیرتاش یەکخراوە، ئەوەش مانای ئەوەیە ١٠ داواکاری گشتی دەستوەردانیان کردووە، لەکاتێکدا پێویستە بەڵگە لە بەرژەوەندی تۆمەتبار کۆبکرێتەوە، بەڵام تەنھا بەڵگە لە دژی ھەیە، دادگاکەش دانیشتنەکەی بۆ ١٥ی ئایاری ٢٠٢٤ دواخست.
سەڵاحەدین دەمیرتاش بەھۆی وتارەکانی لە کۆبونەوە جەماوەرییەکان و کۆبونەوەکانی ناو ھۆڵی پەرلەمان و لێدوانە تەلەفزیۆنیەکانی لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ ، بەسوکایەتیکردن بە حکومەت و ئۆرگانەکانی دەوڵەت تۆمەتبارکراوە، داواکاری گشتیش داوای سزای ٢٠ ساڵ زیندانیکردنی کردووە.