رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی ١٢ی ئەم مانگە ھێزە ئەمنییەکان ئێران، لە سنووری ھەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و سەرەنجام کۆڵبەرێک کە خەڵکی شاری سەقزە و تەمەنی ١٩ ساڵە برینداربووە.

ھەروەھا، ھەر لە ھەمان سنور و رۆژی ١١ی ئەم مانگە، کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی گوندی" دویسە" لە سنووری شاری مەریوان، لە کاتی کۆڵبەری بە دەسترێژی گولـلەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران برینداربووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو دوو کۆڵبەرە بە سەختی برینداربوون و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری بانە گواستراونەتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی ھەنگاو، لە ماوەی ٥٠ رۆژی رابردوودا، لانیکەم سێ کۆڵبەر لە سنوری شاری بانە بە دەسترێژی گوللەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و ٢٨ کۆڵبەری دیکەش برینداربوون.