ئەردۆغان داوادەکات ئەرکی سوپای تورکیا لە عێراق و سوریا بۆ دوو ساڵ درێژبکرێتەوە
٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
ئاژانسی روسیا تودەی بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بە نووسراوێک داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە، ئەرکی سوپای تورکیا لە ھەریەکە لە عێراق و سوریا بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژبکاتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، رۆژی سێشەممەی داھاتوو پەرلەمانی تورکیا لەسەر داواکارییەکی سەرۆکایەتی کۆمار کۆدەبێتەوە و بڕیاری لەبارەوە دەدات.
کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ پەرلەمانی تورکیا لەسەر داوای ئەردۆغان بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەرکی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق و سوریا درێژکردەوە.
چالاکییەکانی سوپای تورکیا لەم دواییانەدا لە سوریا و عێراق بە تایبەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و رۆژانە فڕۆکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، بە پاساوی ھەبوونی چەکدارانی پەکەکە، ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان بۆردوماندەکەن.