بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەمریکادا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە پۆستەکەی لادرا
لاڤە
٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
"مات گیتس" ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆمارییەکان داواکارییەکی خستە دەنگدانەوە بۆ دوورخستنەوەی "کیڤن مکارتی" سەرۆکی ئەنجومەنەکە.
بەپێی دەنگدانەکە، ٢١٦ ئەندام دەنگیاندا بە دوورخستنەوەی "مکارتی" و ٢١٠ ئەندامی ئەنجومەنەکەش بە نەخێر بۆ دوورخستنەوەی دەنگیاندا.
دوای دەنگدانەکە دروستبوونی بۆشایی لەو پۆستەدا راگەیەندرا و "پاتریک ماکھنری" لە کۆمارییەکان وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی دیاریکرا.
دوورخستنەوەی مکارتی دوای ئەوەھات کە رۆژی شەممەی رابردوو کۆنگرێسی ئەمریکا بودجەیەکی کاتی بۆ بەردەوامبوونی خەرجییەکانی ئەمریکا و رێگریکردن لە داخستنی حکومەتی فیدراڵی پەسەندکرد بۆ ماوەی ٤٥ رۆژ، لەکاتێکدا زۆرێک لە ئەندامانی کۆمارییەکان دژی ئەو ھەنگاوە بوون.
مکارتی سەربە پارتی کۆمارییەکانە و دوای دوورخستنەوەی رایگەیاند، ھەوڵەکانی مات گیتس بۆ دوورخستنەوەی بە ھۆکاری تایبەتی بووە و پەشیمان نییە لەسەر ھیچ بڕیارێک کە داوێتی، وتیشی بۆ ئەوە دروستبووە کە کێشەکان چارەسەربکات نەک کێشە دروستبکات و بە شانازییەوە پۆستەکەی بەجێدەھێڵێت.
"جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، ھەموو کات لەگەڵ کۆماری و دیموکراتەکان بە نیازپاکییەوە کاردەکات و گەلی ئەمریکاش پێویستی بە کەسێکە کە ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە ژیانیانەوە ھەیە بیکاتە لەپێشینە.