پوتن ھەڵمەتێکی نوێی بەسەربازکردنی زۆرەملێ لە روسیا دەستپێدەکات
کوردسات نیوز
٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٣
پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی جەنگ، کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە، لە زاری چەند سەرچاوەیەک لە کۆشکی سەرۆکایەتیی روسیاوە بڵاویکردەوە، ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا، تاکو مانگی تشرینی یەکەمی وەک دەرفەت بۆ سێرگی شۆیگو وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی دیاریکردووە، تا ھێرشە پێچەوانەکانی سوپای ئۆکراین دژی ھێزەکانی روسیا رابگرێت.
پەیمانگەکە دەشڵێت، رەنگە سەرکردایەتیی سەربازیی روسیا، فەرمان بکات بە دەستپێکردنی ھێرشی بەرپەرچدانەوە بۆ شکاندنی ھێرشی پێچەوانەکانی ئۆکراین، تەنانەت ئەگەر ئەوە زیانی زۆر لە ھێزەکانی روسیاش بدات.
لەلایەکی ترەوە ئاژانسی تاسی روسی بڵاویکردەوە، سەرۆکی روسیا نوسراوێکی ئیمزاکردووە، کە لە سەرەتای مانگی داھاتوودا جێبەجێ دەکرێت و لە رێگەیەوە ١٣٠ ھەزار سەرباز لە سەرەتای پایزی ئەمساڵ دەخرێنە خزمەتی سەربازیی زۆرەملێوە، ھاوکات پوتن لەگەڵ ئەندریا تروشیڤ سەرکردە لە گرووپی ڤاگنەر کۆبووەتەوە و داوای لێکردووە، دەستبە بڵاوبوونەوە بکەن لە ئۆکراین و راھێنان بە خۆبەخشەکان بکەن.