تورکیا مەرجی حکومەتی سوریا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان رەتدەکاتەوە
کوردسات نیوز
٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٣
یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، وڵاتەکەی داواکارییەکانی دیمەشق بۆ کشانەوەی دەستبەجێی ھێزەکانیان لە خاکی سوریا، وەک مەرجێک بۆ بەردەوامبوونی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان رەتدەکاتەوە، بەڵام ئامادەن دانوستانەکانیان لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی روسیا، سوریا، ئێران دەستپێبکاتەوە.
پێشتر بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا رایگەیاند، مەرجیان بۆ بەردەوامیی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەنقەرە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی دیمەشق و ئەنقەرە، کشانەوەی بەپەلەی سەرجەم ھێزەکانی تورکیایە لە خاکی سوریا.
لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردووە سوریا و تورکیا بە نێوەندگیریی ئێران و روسیا، دەستیان بە گفتوگۆ و دانوستان کردووە.
مانگی ئایاری ئەمساڵیش وەزیرانی دەرەوەی سوریا، تورکیا، ئێران و روسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە، روسیاش کار بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی تری ھاوشێوە لە نزیکترین کاتدا دەکات.