مەھدی ریاحی جێگری وەزیری بەرگری ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی وتووە، تۆڕەکە بە رێنمایی راستەوخۆی دەزگای ھەواڵگری ئیسرائیل و ھەندێک کەسی دزەکردوو پلانیان ھەبووە دزە بکەنە نێو ھێڵی بەرھەمھێنانی مووشەکی پێشکەوتووی وەزارەتی بەرگری و لە رێگەی چاندنی بۆمب لە نێو مووشەکە بەرھەمھاتووەکان بەنیازبوون مووشەکەکان بە ھێڵەکانی پیشەسازی بەرھەمھێنانی مووشەک و کارمەندەکانیدا بتەقێننەوە.

دووپاتیشیکردەوە، کردەوە ھەواڵگرییەکە ئاڵۆزترین کردەوە بووە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا و بە دەستگیرکردنی ئەندامانی تۆڕەکە و پوچەڵکردنەوەی ھەوڵەکەیان گورزێکی گەورە بەر ئیسرائیل کەوت.