ڤۆڵدمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، یەنس ستۆلتنبێرگ سکرتێری گشتی ئەنجومەنی ناتۆ پێشنیازی کردووە، لە چەند رۆژی داھاتوودا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناتۆ – ئۆکراین بەڕێوەبچێت، ئەوانیش بە پێشنیازەکەی رازیبوون.

ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی لێکەوتەکانی راگرتنی رێککەوتنی ھەناردەی دانەوێڵە لە دەریای رەشەوە بکرێت و کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە بکرێت.

رۆژی ١٧ی تەمووز، دوای ساڵێک لە جێبەجێکردنی، رێککەوتنی ھەناردەی دانەوێڵە لە دەریای رەشەوە راگیرا، کە لەنێوان روسیا و ئۆکراین بە نێوەندگیری نەتەوەیەکگرتووەکان و تورکیا ئیمزاکرابوو و بەھۆیەوە دانەوێڵەی ئۆکراین ھەناردە دەکرا.