ئەردۆغان رەزامەندی دەربڕی پرسی بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ بباتە پەرلەمانی تورکیا
گۆران
١٠ی تەمووزی ٢٠٢٣
یەنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی رێکخراوی ناتۆ، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و ئۆلف کریسترسۆن سەرۆکوەزیرانی سوید لە لیتوانیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەردۆغان رەزامەندی دەربڕیووە لە زووترین کاتدا پڕۆتۆکۆڵی بەئەندامبوونی سوید بخاتە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی و کاربکات لەگەڵ ئەنجومەنی زامنکردنی پەیماننامەکان، دووپاتیشیکردووە ئەوە رۆژێکی مێژوویی دەبێت.
راشیگەیاند، سوید پشتیوانی لە بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا و نوێکردنەوەی رێککەوتنی یەکێتی گومرگی و گەشتکردن بەبێ ڤیزا دەکات.
سکرتێری ناتۆ ئاشکرایکرد، میکانیزمی دووقۆڵی ئاسایش لەنێوان تورکیا و سوید دادەمەزرێنرێت، کە ئەوەش یەکەمجارە لە مێژووی ھاوپەیمانیەتییەکەدا ھەماھەنگی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دادەمەزرێنرێت. ھەروەھا لە کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەدا، سوید جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پشتیوانی لە یەپەگە و پەیەدە ناکات.
ھاوکات لە کاردانەوەیەکیشدا جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەردۆغان کرد، سەرۆکوەزیرانی سویدیش خۆشحالی بەرامبەر بەو ھەنگاوەی تورکیا دەربڕی.