پەرلەمانی ئەوروپا ٣٣ چاودێر رەوانەی تورکیا دەکات
کوردسات نیوز
٦ی ئایاری ٢٠٢٣
ئەنجومەنی پەرلەمانی ئەوروپا بڕیاریدا گروپێک رەوانەی تورکیا بکات کە لە ٣٣ چاودێر پێکدێن و ئەرکیان بریتییە لە چاودێریکردنی ھەڵبژاردنە پەرلەمانیی و سەرۆکایەتییەکەی ١٤ی ئایار. بەپێی ئەو پڕۆگرامەی بۆیان دانراوە، گروپەکە لە رۆژانی ١٢ تاکو ١٥ی ئایار لە تورکیا دەمێننەوە و لە نزیکەوە چاودێری پڕۆسەی دەنگدان دەکەن.
گروپەکەی ئەنجومەنی پەرلەمانی ئەوروپا پێھاتوون لە نوێنەرانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە دیموکراسییەکانی پەرلەمانی ئەوروپا و چەند دامەزراوەیەکی دیکە و بڕیارە لەگەڵ کانیدانی سەرۆک کۆمار و حزبە سیاسییەکان و کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیاش کۆببنەوە.