ئەردۆغان پەیامێکی ئاڕاستەی حزبە سیاسییەکانی تورکیا کرد
کوردسات نیوز
٦ی ئایاری ٢٠٢٣
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و کاندیدی ھاوپەیمانی جومھور پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ھەڵبژاردنەکەی ١٤ی ئایار، ھەموو ھاوڵاتیانی وڵاتەکەی لە تورک و کورد و عەرەب و سونی و عەلەوی و کریستیانەکان براوە دەبن. وتیشی، وەک چۆن ھاوپەیمانی جومھور و حزبەکانی ناوی سەردەکەون، ھاوپەیمانی میللەتی رکابەر و جەھەپە و پارتی باشیش سەرکەوتوو دەبن، چونکە ئەم ھەڵبژاردنە بۆ سەرکەوتنی ھەر ٨٥ ملیۆن ھاوڵاتییەکەی تورکیایە.
ئەردۆغان لە درێژەی پەیامەکەیدا داوای لە سەرجەم لایەنەکان کردووە رێگا بە دروستکردنی دوژمنایەتیی نەدەن و بە ھەموانەوە پارێزگاریی لە خاک و دیموکراسییەتی تورکیا بکەن و لەبری ئاڵۆزیی دروستکردن دەست بە گفتوگۆ و لێکنزیکبوونەوە بکەن.