بومەلەرزەیەک ئێران دەھەژێنێت
شۆرش
٢٨ی نیسانی ٢٠٢٣
پەیامنێری کوردسات نیوز لە ئێران رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٤.٦ پلە بە پێوەری ریختەر و بە قوڵی ھەشت کیلۆمەتر ژێر زەوی شاری مەشھەدی لە پارێزگای خوراسانی رەزەوی ھەژاندووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، چەقی بومەلەرزەکە شاری قەدەمگا بووە و بومەلەرزەکە نزیکەی ١٠ چرکەی خایاندووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، بومەلەرزەکە ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتوانی ناوچەکە و شاری مەشھەد دروستکردووە و دوای بومەلەرزەکە خەڵکێکی زۆر لە ماڵەکانیان چوونەتەدەر و لە سەر شەقامەکان ماونەتەوە.
موحسن نەجات بەڕێوەبەری گشتی کۆنتڕۆڵکردنی قەیران لە پارێزگای خوراسانی رەزەوی رایگەیاند، تیمەکانیان لە شارەکانی زەبەرخان و نەیشابور خستووتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و سێ تیمیشیان رەوانەی ناوچە بومەلەرزەلێدراوەکان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا بومەلەرزەکە ھیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە.