حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەنجامدا و بیروبۆچوونیان لەبارەی دواین پێشھاتەکانی سەر سنووری سوریا تاوتوێ کرد.

لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وەزیری دەرەوە بە ھاوتا تورکییەکەی وتووە، ئەوان لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا و پێویستی چارەسەرکردنیان تێدەگەن، بەڵام ئەو بابەتە پێویستی بە بەردەوامی دانووستانی ئەمنی ھەیە لەنێوان تورکیا و سوریا و ئۆپراسیۆنی زەمینی تورکیا نەک یارمەتی چارەسەربوونی کێشەکان نادات، بەڵکو زیانی دەبێت و رەوشەکە زیاتر ئاڵۆزدەکات، ھەروەھا عەبدوڵاھیان ھەموو ئامادەییەکی ئێرانی بۆ نێوەندگیریکردنی ئەنقەرە و دیمەشق بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسەکانی نێوانیان دەربڕیووە.