(جەیمس کلێڤەرلی) وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ھەمیشە رووبەڕووی ھەڕەشەی وڵاتانی بیانی دەبێتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا کاربەڕێکەری ئێرانیان لە لەندەن بانگھێشتکردووە، بۆ روونکردنەوەی ئەوەی کە ھەرگیز رێگە نادەن ھەڕەشە لە ژیانی رۆژنامەنووسەکانیان یان ھەر کەسێکی نیشتەجێی بەریتانیا بکرێت.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا راشیگەیاند، ئێران بەھۆی خۆپیشاندانەوە ھەڵمەتی دەستگیرکردنی دەستپێکردووە کە ھەڵمەتەکە، کارمەندانی دەزگاکانی راگەیاندنیشی گرتووەتەوە و زیاتر لە ٤٠ رۆژنامەنووس دەستگیر کراون.

رۆژی ھەشتی ئەم مانگە، کەناڵی "بی بی سی"ی بەریتانی لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، دوو رۆژنامەنووسی کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی کە بارەگاکەی لە بەریتانیایە و بە زمانی فارسی پەخشی بەرنامەکانی دەکات، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە "ھەڕەشە"یان لێکراوە.