بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە ژێرئاو کەوت
٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
ئاژانسی ھەواڵیی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی دوورگەی لیسبۆسی یۆنان لە ناوەندی دەریای ئیجە ژێرئاوکەوت و تائێستاش تیمە دەریاییەکانی یۆنان پێنج کۆچبەریان لە خنکان رزگارکردووە و تەرمی ١٥ کۆچبەریش دۆزراوەتەوە.
راشیگەیاند، بەلەمەکە نزیکەی ٤٠ کۆچبەری ھەڵگرتووە و تائێستاش ٢٠ کۆچبەر بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.
ژێرئاوکەوتنی ئەو بەلەمە لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی دوورگەی کیسیرا لە باشووری یۆنان، دوای پێکدادانی لەگەڵ تاشەبەردی ناو ئاوەکە ژێرئاوکەوت و نزیکەی ٣٠ کۆچبەر لە خنکان رزگارکران.


