راستڕەوەکان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیتاڵیا سەرکەوتن
لاڤە
٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
بەپێی ئەو ئەنجامانەی نوسینگەکانی ھەڵبژاردن لە ئیتاڵیا بڵاویانکردووەتەوە، پارتی "برایانی ئیتاڵیا" کە "جۆرجیا میلونی" سەرۆکایەتی دەکات لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان، لەنێوان ٤١% بۆ ٤٥%ی دەنگەکانیان بەدەستھێناوە، پێشبینیشدەکرێت تێکڕای دەنگەکانیان بۆ ٤٧% بەرزببێتەوە و کۆنترۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران بکەن.
دوای ئەو سەرکەوتنە، "میلونی" رایگەیاند، سەرۆکایەتی حکومەتی ئیتاڵیا دەکات و ھەموو ئیتاڵییەکان بە یەک چاو سەیر دەکەن و داوای یەکڕیزیشی کرد.
"جۆرجیا میلۆنی" تەمەنی ٤٥ ساڵە و دەبێتە یەکەم ژن کە پۆستی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا وەردەگرێت و ھەروەھا دەبێتە یەکەم سەرۆکی راستڕەوی توندڕەو لەنێو یەکێک لە وڵاتە ئابورییە سەرەکییەکانی ئەوروپا و دژە کۆچبەرە.
چاوەڕواندەکرێت "میلۆنی" گۆڕانکاری گەورە لە ئیتاڵیا و یەکێتی ئەوروپا دروستبکات، ھەروەھا سنورەکانی ئیتاڵیا دادەخات کە ساڵانە دەیان ھەزار کۆچبەر دەگەنە کەناراوەکان، ئەوەش ترسی لای رێکخراوە ناحکومییەکان دروستکردووە کە ھاوکاری کۆچبەرانی نایاسایی دەکەن.



