بەریتانیا دەستی کرد بە میوانداریکردنی کۆبوونەوەیەکی سەربازیی باڵا کە بۆ ماوەی دوو رۆژ (چوارشەممە و پێنجشەممە) بەردەوام دەبێت، بەریتانیا 30 وڵات کۆدەکاتەوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی سەربازیی نزیکەی 30 وڵات بەشدارن بۆ داڕشتنی پلانێکی ورد بۆ پێکهێنانی هێزێکی دەریایی بە سەرکردایەتی بەریتانیا و فەرەنسا، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی هاتوچۆ لە گەروی هورمز.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای لوتکەی پاریس دێت کە هەفتەی رابردوو لە نێوان کێر ستارمەر و ئیمانوێل ماکرۆن بەڕێوەچوو.
جۆن هیڵی، وەزیری بەرگری بەریتانیا، رایگەیاند کە ئامانجی سەرەکی بریتییە لە وەرگێڕانی کۆدەنگییە دیپلۆماسییەکان بۆ پلانێکی کرداریی هاوبەش کە ئازادی بازرگانی دەریایی بپارێزێت و هاوکار بێت بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی.
لەگەڵ ئەم ئامادەکارییە سەربازییانەدا، لەندەن و پاریس دوو مەرجی سەرەکییان بۆ کاراکردنی ئەم هێزە داناوە کەبریتیە لەوەی ئەم هێزە تەنها کارنامەیەکی بەرگریی دەبێت و بەشداری هیچ هێرشێک ناکات، هەروەها هێزەکان تەنها ئەو کاتە بڵاو دەکرێنەوە کە ئاشتییەکی هەمیشەیی بێتە کایەوە و بارودۆخی ناوچەکە جێگیر بێت.
نەبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لەم گفتوگۆیانەدا نیشانەی پرسیاری زۆری لەسەر کاریگەریی ئەم هەنگاوە دروست کردووە، چونکە ئەم دوو وڵاتە لایەنی سەرەکین لە هاوکێشەی ململانێکان لە گەروی هورمزدا، ئەمەش وا دەکات جووڵە ئەوروپییەکە وەک هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی "ڕێگەی سێیەم" و دوورکەوتنەوە لە پێکدادانی ڕاستەوخۆ دەربکەوێت.