وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم چەند رێنماییەکی نوێی تایبەت بە خوێندکارانی پۆلی 12 بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمساڵ هیچ جۆرە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی و مەراسیمێک بۆ راگەیاندنی ئەنجامەکان ناکەن و لەرێگای دیجیتاڵییەوە نمرە دەدرێتەوە بە خوێندکاران.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم چەند بڕیارێکی تایبەت بە راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەی نیشتمانیی پۆلی 12 راگەیاند، کە تیایدا هاتووە، ئەمساڵبە رێگای دیجیتاڵی ئەنجامەکان رادەگەیەنرێت و هیچ کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی نابەسترێت.
ئەوەش هاتووە، هیچ پلەبەندییەک و هیچ پێوەرێک لەسەر ئاستی تاک بۆ ناساندنی ئاستەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم راناگەیەنرێت و نە وەزارەت نە دامودەزگا پەروەردەییەکان لە هیچ پەروەردەیەکدا مەراسیمی خەڵاتکردن ئەنجام نادەن.
وەزارەتی پەروەردە دەشڵێت، ئەگەر سەرپێچی ئەو خاڵانە بکرێت، ئەوا رێکاری کارگێڕی و یاسایی بەرانبەر سەرپێچیکار دەگیرێتە بەر.
بەپێی بڕیارەکانی پەروەردە، بنەمای هەڵسەنگاندن دەگۆڕێت و رێژە و تێکڕای نمرەی دەرچوونی خوێندکاران دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی خولی دووەم، دەبنە پێوەر بۆ دیاریکردنی ئاستی زانستی خوێندنگەکان، هەروەها "نمرەی پێوانەیی" و "تێکڕای ژمێرەیی" هەر بابەتێکی پۆلی 12، دوای تەواوبوونی خولی دووەم دەبنە بنەمای هەڵسەنگاندنی مامۆستایان.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ساڵانی رابردوو بۆ راگەیاندنی ئەنجامەکانی پۆلی 12، کۆنفرانسی رۆژنامەیی دەبەسترا و لە مەراسیمێکدا سێ یەکەمەکەی سەر ئاستی هەرێم رادەگەیەنران و خەڵات دەکران.