تۆڕی پزیشکانی سودان رایگەیاند کە دۆخێکی کارەساتبار لە کەمپی پەنابەرانی 'گاگا' لە چاد رویداوە، کە تێیدا لە ماوەی تەنیا یەک هەفتەدا 13 پەنابەری سودانی لە برساندا گیانیان سپاردووە.
ئەم کەمپە کە نزیکەی 21 هەزار پەنابەری سودانی تێدایە، بەدەست کەمیی خۆراک و دەرمانەوە گرفتارە و دۆخی تەندروستی و مرۆیی تێیدا زۆر خراپە.
تۆڕی پزیشکانی سودان لە راگەیاندراوێکدا کە شەممە بڵاوی کردەوە، رایگەیاند: "کەمپی گاگا، نزیکەی 21 هەزار پەنابەری سودانی تێدایە، بەدەست کەمیی خۆراک و دەرمانەوە گرفتارن لەماوەی هەفتەیەکدا 13 کەسیان لە برساندا مردوون، هەروەها نەبوونی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و پشتگوێخستنی رێکخراوە مرۆییەکان بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی".
هۆشداری جدی بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی:
تۆڕی پزیشکانی سودان هۆشداریی دا و وتی: "هەزاران کەس هەمان چارەنوس چاوەڕێیان دەکات، ئەگەر بە خێرایی فریایان نەکەون."
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "کارەساتەکە رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت، پەنابەران ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە، کە رێکخراوە نێوەدەوڵەتییەکان بە بیانووی ئەوەی ناتوانن لە سنوورەکان بپەڕنەوە، پاساو بۆ بێهەڵوێستی خۆیان دەهێننەوە."
داوای فریاکەوتنی بەپەلە دەکەن:
تۆڕەکە، داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکان کردووە، ئەرکی ئەخلاقی خۆیان جێبەجێ بکەن و خۆراک و یارمەتی پزیشکی بەپەلە دابین بکەن، هەروەها ئاوارەبوونی زۆرەملێش رابگرن.
پاشخانی شەڕی سودان:
لە 15ـی نیسانی 2023ەوە شەڕی سودان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا سەری هەڵدا، هەرچەندە چەند جارێک بەناوبژیوانی سعودیە و ئەو دوو لایەنە کۆبوونەوە بەمەبەستی راگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام تاوەکوو ئێستا شەڕ بەردەوامە و بە دەیان هەزار کوژرا و بریندار بوون، ملیۆنانیش ئاوارەی ناوخۆو و دەرەوەی وڵات بوون.