بۆ یەکەم جار لە دوای کەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد، وەفدێکی حکومەتی نوێی سوریا سەردانی کەمپی هۆلی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر و نوێنەرانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆبووەتەوە.
تێبینیەکانی بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر
شێخموس ئەحمەد، هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە ئیدارەی خۆسەر، ڕۆژی شەممە 24ی ئایاری 2025 رایگەیاند: "وەفدێکی حکومەتی نوێی سوریا سەردانی کەمپی هۆلی کردووە و لەگەڵ نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەر و نوێنەرانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆبووەتەوە."
ئەحمەد ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دانانی میکانیزمێک کراوە بۆ دەرچوونی خێزانە سورییەکان لە کەمپی هۆل.
راگەیاندنی فەرمیی دیمەشق:
هاوکات ئەمڕۆ، نوورەددین بابا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سوریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە وەفدێکی حکومەتەکەیان سەردانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان)ی کردووە بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی کەمپی هۆل.
پاشخانی رێککەوتنەکە:
سەردانی وەفدەکەی حکومەتی سوریا دوای رێککەوتنەکەی 11ـی ئاداری 2025 دێت لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سوریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات.
رێککەوتنەکە "یەکخستنی" سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دەوڵەتی سوریای لەخۆ گرتووە، هەروەها یەکێک لە بڕگەکانی رێککەوتنەکە گەرەنتیی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە سورییەکانی بۆ شار و گوندەکانیان دیاری کردبوو.
زانیاری دەربارەی کەمپی هۆل:
کەمپی هۆل لە باشوری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دادەنرێت. کەمپەکە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) پاسەوان و بەڕێوەبەری کاروباری کەمپەکەن.
هۆشداریی نێودەوڵەتی هەیە بەرانبەر کەمپەکە:
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لە چەندین بۆنەی جیاوازدا هۆشدارییان داوە لەو مەترسییانەی لە کەمپەکانەوە سەر هەڵدەدەن، بەو پێیەی منداڵانی دانیشتوی نێو کەمپەکە فێری توندڕەوی دەکرێن و دەکرێت لە ئایندەدا ببنە مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگە.