پۆڵەندا دەستگیرکردنی زانایەکی وڵاتەکەی لە ئێران پشتڕاستکردەوە
کوردسات نیوز
٧ی تەمووزی ٢٠٢٢
بەرپرسانی پۆڵەندا و بەریتانیا لەسەر دەستگیرکردنی ژمارەیەک بیانی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ھاتنە دەنگ و وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا لە ڕاگەیەنراوێکدا دەستگیرکردنی زانایەکی وڵاتەکەی پشتراستکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە ھەوڵدان بۆ گەرەنتی گەڕاندنەوەی.
(سایمۆن شیرکلیف) باڵیۆزی بەریتانیا لە تاران لە تویتەر نوسیویەتی، ئەو ھەوڵانەی باس لە دەستگیرکردنی (جیل ویتاکر) بەرپرسی دووەمی باڵیۆزخانەکەیان دەکەن لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، مایەی سەرسوڕمانن لەبەرئەوەی ئەو دیپلۆماتکارە لە کانونی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە ئێرانی جێھێشتووە.
ڕۆژی چوارشەممە میدیای ئێران بڵاویکردەوە، ژمارەیەک ھاووڵاتی بیانی بە تۆمەتی سیخوڕی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکراون، ئاماژەی بەوەشکرد، بیانییەکان لە کاتی ھەڵگرتنەوەی نموونەی خاکی بیابانی ناوچەیەک لە ناوەندی وڵاتەکە دەستگیرکراون.