ئێران: دەمانەوێت کێشەکانی تورکیا و سوریا بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن
٦ی تەمووزی ٢٠٢٢
حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، نیگەرانییە ئەمنییەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیایان گەیاندووەتە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا و جەختیشیان کردووەتەوە لە پشتیوانیکردن لە یەکپارچەیی خاکی سوریا و ڕێزگرتن و پاراستنی سەروەرییەکەی و سنورەکانی.
وتیشی، سەرەڕای تێگەیشتن لە مەترسییە ئەمنییەکانی تورکیا، بەڵام ئێران بە ھەموو شێوەیەک کار بۆ ئەوە دەکات ئەگەری ھێرشی تورکیا بۆ سەر خاکی سوریا نەبێتە ڕاستی و کار بۆ ئەوە دەکەن ببنە نێوەندگیر بۆ ئەوەی کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بە گفتوگۆ و دانوستان چارەسەر بکرێن.
عەبدوڵاھیان جەختیشیکردەوە، ھیچ کاتێک ئێران لەگەڵ بژاردەی شەڕ نییە، چونکە ھیچ ئەنجامێکی نابێت و جگە لە زیانیش ھیچ دەسکەوتێکی بە دواوە نابێت.