"سێرگی شوەیگۆ" وەزیری بەرگری روسیا کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ناوچەی "لۆھانسک"ی لە ھەرێمی "دۆنباس" لەلایەن سوپای روسیا و جودایخوازەکانەوە بە "ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی روسیا راگەیاند.

"شوەیگۆ" ئاماژەی بەوەدا، کۆنترۆڵکردنی ناوچەی لۆھانسک دوای کۆنترۆڵکردنەوەی شاری "لیسیشانسک" بوو کە دوایین پێگەی ژێر دەسەڵاتی ھێزەکانی ئۆکراین بوو لە ناوچەکە.

"لۆھانسک" دووەمین گەورەترین شارە لە ھەرێمی دۆنباس لە خۆرھەڵاتی ئۆکراین و ژمارەی دانیشتووانەکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەسە، لە مانگی شوباتی ئەمساڵیشدا روسیا وەک کۆمارێکی سەربەخۆ دانیپێدانا.