جەنگی ئۆکراین لە لوتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ئیسپانیا تاوتوێ دەکرێت
کوردسات نیوز
٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
لە شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا لە ڕێوشوێنێکی توندی ئەمنییدا، کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی ڕێکخراوی پەیمانیی باکووری ئەتڵەسی "ناتۆ"، دەستپێدەکات و تاکو ٣٠ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
پرسی بە ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ڕێکخراوەکە و نیگەرانییەکانی تورکیا لەو پرسە و بەردەوامی جەنگی ڕووسیا لە دژی ئۆکراین، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان دەبن و بڕیاریشە لە کۆبوونەوەکاندا ڤۆلۆدیمیر زیلینسیکی سەرۆکی ئۆکراین بە ئۆلاین بەشداری بکات.
بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆبوونەوەکان، ڕێکاری توندی ئەمنیی گیراونەتەبەر، حکومەتی ئیسپانیا نزیکەی ١٠ ھەزار سەربازی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی و لە چەندین شەقام و ناوچەی کۆبوونەوەکان، ھاتوچۆ قەدەغە دەکرێت.



