نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت ١١٣ دۆلاری تێپەڕاند
٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
بڕیارە ئەمڕۆ سەرکردەکانی گروپی جی ٧ لە ئەڵمانیا، رێکاری نوێ دژی ھەناردەی نەوت و غازی روسیا رابگەیەنن کە ھەڵاوسانی زیاتری لێنەکەوێتەوە، ھەروەھا بژاردەکان بۆ چارەسەرکردنی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و دۆزینەوەی جێگرەوەی نەوت و غازی روسیا تاوتوێ دەکەن.
سەرۆکایەتی فەڕەنساش رایگەیاندووە، ئەگەری بوژانەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لە لوتکەی جی ٧ تاوتوێ دەکرێت، بە تایبەت دوای ئەوەی لێپرسراوی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێران لە "تاران" کۆبۆوە.
بە کاریگەری ئەو کۆبوونەوەیە و چاوەڕوانییەکان بۆ دەرئەنجامەکانی ، ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە زیاتر لە ١١٣ دۆلار مامەڵەی لەگەڵ کراوە، لە کاتێکدا رۆژی ھەینی بەڕێژەی ٢.٨% دابەزینی تۆمار کرد.


