خەتیب زادە: عێراق رۆڵێکی گرنگی لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و سعودیە ھەیە
کوردسات نیوز
٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەم ھەفتەیەدا دانوستانەکانی تایبەت بە زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی کە لە ڤییەننا چەند خولێکی بەڕێوەچوو، جارێکی تر دەستپێدەکاتەوە، بەڵام لە وڵاتێکی کەنداو دەبێت و لە چەند سەعاتی داھاتووشدا ناوی ئەو وڵاتە ئاشکرا دەکەن.
لەبارەی گفتوگۆی نێوان وڵاتەکەی و سعودیەش، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی، دەسەڵاتدارانی سعودیە لە رێگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پەیامیان بۆ ناردون و دەیانەوێت ئاستی گفتوگۆکان لە نوێنەرایەتییەوە بۆ دیبلۆماسی بەرز بکەنەوە، جەختیشیکردەوە، عێراق رۆڵێکی گرنگی لە گفتوگۆکانی نێوان تاران و ریاز ھەیە، خەتیب زادە داواشی لە دەسەڵاتدارانی سعودیە کرد پێچەوانەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی نێوانیان لێدوان و زانیاری بڵاونەکەنەوە.



