حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسی ھاوبەشدا لەگەڵ جۆزێپ بۆرێل لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، ڕایگەیاند، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە دانوستانی ئەتۆمی دەستپێبکەنەوە، وتیشی لەگەڵ بۆرێل دانوستانی دوور و درێژ و بەسودیان ئەنجامداوە، بە ئاراستەی دەستپێکردنەوەی وتووێژە ئەتۆمییەکان.

عەبدوڵاھیان ھیواشیخواست ئاستی پەیوەندیی بازرگانی نێوان ئێران و ئەوروپا گەشەی زیاتر بەخۆیانەوە ببینێت.

لای خۆشیەوە جۆزێپ بۆرێل ئاماژەی بەوەکرد، گفتوگۆکانیان لەگەڵ لێپرسراوانی تاران گرنگی تایبەتی ھەبووە و بەردەوامیش دەبن، جەختیشیکردەوە، بەربەستەکانی بەردەم دانوستانەکان لادەبن و بە زووترین کات دەست بە دانوستانە ئەتۆمییەکان دەکەنەوە.