لە شاری بەرلین لە ئەڵمانیا لوتکەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە بەشداری سەرکردەکانی چەند وڵاتێکی تری جیھان بەڕێوەچوو کە دوو رۆژی خایاند و تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی قەیرانی خۆراک لە جیھاندا و جەختیانکردەوە، پێویستە پێش ھەموو ھەنگاوێک ھەوڵبدرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ھەناردەکردنی ئەو گەنمە زۆرەی کە لە ئۆکراین بە ھۆی شەڕەوە گیریخواردووە.

ئانا لینا بیربوک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش روسیای بەوە تۆمەتبار کرد کە برسیکردن و قەیرانی خۆراک وەک چەکێک لە دژی خۆرئاوا و کۆی وڵاتانی جیھان بەکاردەھێنێت.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاند، بەھۆی ھێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین و دروستبوونی قەیرانی خۆراک، زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کەسی تر دەچێتە سەر ئاماری ئەو کەسانەی بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن.