ئەمڕۆ وەزیرانی بەرگری ناتۆ لە بارەگای رێکخراوەکە لە برۆکسل کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی چەند بابەتێک دەکەن کە گرنگترینیان داواکاریی سوید و فینلەندایە بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوەکە. 

وەزیرانی بەرگری ناتۆ ھەوڵدەدەن و تورکیا و سوید و فینلەندا لە یەکتر نزیک بکەنەوە تاکو ئەنقەرە ڤیتۆ لەسەر بە ئەندامبوونی سوید و فینلەندا ھەڵبگرێت و ئەو دوو وڵاتەش داواکارییەکانی تورکیا جێبەجێ بکەن.

چەند سەعاتێک بەر لە کۆبوونەوەکە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ یەن ستۆلتنبێرگ، سکرتێری ناتۆ رایگەیاند، ئەگەر سوید و فینلەندا ھەنگاویی کرداریی نەنێن بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانیان، ئامادە نین بەڵی بۆ وەرگرتنیان لە ناتۆ بکەن.