ئێران: ئەوانەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە دژی تاران ھان دەدەن سزاکەی وەردەگرن
کوردسات نیوز
٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
حسێن عەبدوللەھیان وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە ، ئەوانەی ھەوڵ دەدەن ھانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بدەن بۆ ئەوەی لە دژی تاران بڕیار بدات ، بەرپرس دەبن لەو سزایەی وەری دەگرن ، راشیگەیاندووە ، لەگەڵ جۆزێب بۆریل نوێنەری باڵای کاروبار و سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا تاوتوێی چۆنیەتی بەردەوامیدان و پێشکەوتنی دانوستانەکانی ڤییەننایان کردووە ، دەشڵێت ، ئەگەر ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا واقیعی بن ، دەتوانن بگەنە رێککەوتنێکی ئەتۆمی باش و بەھێز و ھەمیشەیی .
وتەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران ، چەند سەعاتێک پێش دەستپێکردنەوەی کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمە لە ڤییەننا کە تێیدا ئەنجومەنەکە تاوتوێی پرۆژە بریارێکی وڵاتانی خۆرئاوا دەکات لەبارەی ئەو رەخنە و نیگەرانیانەی لەسەر ئێران و پابەندبونەکانی ھەیانە .