دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران راگەیاند، ئاماژەی بەوە کرد کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە گرژییەکان رەوانەی پاکستان دەکات و بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاندوە، ئەگەر ئێران رازی نەبێت بـە رێککەوت هەموو وڵاتـەکە دەتەقێتـەوە.
بە گوێرەی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا، بڕیارە ویتکۆف ئێوارەی دووشەممە بگاتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان و رۆژی سێشەممە بەشداریی لە گەڕێکیتری گفتوگۆکان بکات لەگەڵوەفدی ئێراندا.
سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە، کە زاواکەی، جارێد کۆشنەر، وەک شارەزایەکی دێرین لە دانوستانەکانی ئاشتیدا، هاوشانی ویتکۆف بەشداری کۆبوونەوەکان دەبێت، لە کاتێکدا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک کە پێشتر سەرپەرشتی گەڕی یەکەمی کردبوو، لەم گەشتەدا ئامادە نابێت.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترامپ لە ڕێگەی پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵەوە، کە خۆی خاوەندارێتی دەکات، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند؛ هەرچەندە پێشنیازێکی "دادپەروەرانە"ی بۆ رێککەوتن خستووەتەڕوو، بەڵام ئەگەر رێگەچارەی دیپلۆماسی سەرنەگرێت، واشنتۆن پەنا بۆ هەنگاوی سەربازی دەبات و هەموو وێستگەکانی وزە و پردەکان لە ئێران دەکاتە ئامانج.
سەبارەت بە ئەگەری بەشداریی خۆشی لەو کۆبونەوانەدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە رەنگە لە قۆناغەکانی داهاتوودا سەردانی پاکستان بکات، بەڵام ئێستا چاوەڕێی دەرەنجامی گفتوگۆکانی نێردە تایبەتەکانی دەکات.
ئەمە لە کاتێكدایە تا ئێستا لایەنی ئێران، هیچ ئاماژەیەکیان بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکادا نەکردوە و لە گەری یەکەمدا داوایان کردبوو جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەشداری بکات لە گفتوگۆکاندا.