وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، لێژنەی باڵای ئیغاسە و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراقی تۆمەتبار کرد بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکانی پێکهاتە مەسیحی و ئێزدییەکان. راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هەنگاوە "نادەستوورییە" و ئاوارەکان ناچار دەکات لە دەرەوەی زێدی خۆیان نیشتەجێ بن و رێگری لە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان دەکات.
بەپێی راگەیەندراوەکە، بەهۆی شەڕی داعشەوە زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان مەسیحی و کوردی ئێزدین، تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و لە 18 کەمپدا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن. وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، لەبری ئەوەی حکومەتی فیدراڵ زەمینە بۆ گەڕانەوەیەکی سەلامەت و سەربەرزانە خۆش بکات، "کار بۆ ئەوە دەکات کە ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێ بەش بکات."
وەزارەتی ناوخۆ جەخت دەکاتەوە کە ناچارکردنی ئاوارەکان بە نیشتەجێبوون لە دەرەوەی ناوچەکانی خۆیان، جۆرێکە لە گۆڕینی دیموگرافیای نایاسایی و پێچەوانەی دەستووری عیراق و بنەما مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتننامەکانی ژنێڤە.
بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم سێ داواکاریی بەپەلەی خستووەتەڕوو:
-
یەکەم: حکومەتی فیدراڵ دەبێت ئەو بڕیارانەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران رابگرێت.
-
دووەم: نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کاربکەن بۆ راگرتنی ئەو بڕیارانە.
-
سێیەم: پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شەنگال، دانانی قایمقامێکی نوێ و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە.
لە کۆتاییدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە کە چارەسەر دەبێت لەسەر بنەمای گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانەی ئاوارەکان بێت و بڕیارەکانی ئەم دواییەی بەغدا بە "خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی" ناوبرد.