حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران جارێکیتر هێرشیکردەوە سەر ئەو لایەنانەی کە لێدوانی توند دەدەن لە سەر ئێران و وتی هەر لایەنێک لە کرداری سەربازی دژی وڵاتەکەمان بەشداریبکات نرخێکی زۆر زیاتر دەدات لەوەی چاوەڕێی دەکات.
حوسێن سەلامی جەختی لەوەکردەوە کە ئێران بە تەواوی ئامادەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی "هەر سیناریۆیەکی ئەگەری"، هەروەها وتی کە ئیسرائیل لە کاتی دەستپێکردنی پێکدادان روبەروی دەرئەنجامی خراپ دەبێتەوە.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران ئاماژەی بە دوو لە هێرشەکانی پێشووی ئێران کرد کە بە "بەڵێنی ڕاستەقینەی 1 و 2" ناسراون، جەختی کردەوە کە لە کاتی دووبارەبوونەوەی پێشێلکاریەکان، وەڵامدانەوە "توندتر و فراوانتر" دەبێت.
هەروەها دووپاتی کردەوە کە "ئیسرائیل بە باشی لە توانای سەربازی ئێران ئاگادارە، هەر پێکدادانێکیش رەنگە ببێتە هۆی نەمانی تەواوەتی."
لە کۆتایی وتەکانیدا، رایگەیاند: "هەر وڵاتێک لە ئەم جۆرە سەرپێچیە سەربازیانە بەشداری بکات، تەواوی بەرپرسیارێتی دەرئەنجامەکانیشی دەبێت هەڵبگرێت."
لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت دانوستانی نێوان ئەمریکا-ئێران سەرەڕای ئاستەنگەکان بەردەوام بن. بەڵام ئەم جۆرە لێدوانانەی بەرپرسانی ئێران لەم دواییانەدا لە زاری چەندین بەرپرسی سەربازی و سیاسیەوە دووبارە بوونەتەوە.
ئەم وتانەی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران لە دوای ئەو دەنگۆ و لێدوانانە دێت کە ئەمریکیەکان بڵآویانکردبووە وە سەبارەت بە ئەوەی کە لە ئەگەری شکست هێنانی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن، ئیسرائیل لە دامەزراوە ناوکیەکانی ئێران دەدات.