"ماگدالینا ئەندرسن" رایگەیاند، بەھۆی جەنگی روسیا لە ئۆکراین، بە دووری نازانێت سوید داواکاری بە ئەندامبوون لە ناتۆ پێشکەش بکات، ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە ٢٤ی شوبات کە روسیا ھێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراین دەستپێکرد رایگەیاندبوو، لە ئێستادا سیاسەتی ئەمنی وڵاتەکەیان ناگۆڕن. 

سوید ئەگەرچی ھاوپەیمانی ناتۆیە، بەڵام ئەندام نییە تێیدا و لە ڕووی سەربازییەوە بەشداری جەنگ و ئاڵۆزییەکان ناکات، روسیاش بە ھەموو شێوەیەک بە ئەندامبوونی سوید و ھەروەھا فینلەندا لەو ھاوپەیمانییە رەتدەکاتەوە. 

بەپێی راپرسییەکیش کە لە ماوەی رابردوودا ئەنجامدرابوو، ٥٠%ی ھاووڵاتیانی سوید پشتیوانی بە ئەندامبوونی وڵاتەکەیان لە "ناتۆ" دەکەن و ٣٠%یش رەتیانکردەوە. چاوەڕوانیش دەکرێت بابەتی بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ یەکێک بێت لە بابەتە سەرەکییەکانی ھەڵبژاردنی گشتی لەو وڵاتە، کە بڕیارە لە ١١ی مانگی ئەیلولی داھاتوو بەڕێوەبچێت.