خانمی یەکەمی عیراق ستایشی دوایین کۆنسێرتی ئۆرکێسترای سیمفۆنی سلێمانی کرد و رایگەیاند، "گرنگە لەیادمان بێت، کاتێک وشەکان پەکیان دەکەوێت موزیک دێتە گۆ".
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق رایگەیاند، ئۆرکێسترای سیمفۆنی سلێمانی بەڕابەرایەتی هانس رۆتمان و ئاکۆ عەزیز، کۆششێکی بێ وێنەی پێشکەشکرد کە سەرنجی ئامادەبووانی نمایشەکەی راکێشا بە چەند بڕگەیەکی موزیکی بتهۆڤن و چەند ئاوازێکی کوردیی ناسراو.
ئاماژەی بەوەشکرد، "گرنگە لەیادمان بێت، کاتێک وشەکان پەکیان دەکەوێت موزیک دێتە گۆ".
دوێنێ شەممە، ئۆرکێسترای سیمفۆنی سلێمانی بە رابەرایەتی هانس رۆتمانی بە رەگەز ئەڵمانی رابەری ئۆرکێسترا و سۆڵۆی ڤایۆلین و کۆنسێرت ماستەر ئاکۆ عەزیز عینایەت، هەروەها بەشداری چەندین هونەرمەند و موزیکژەنی ناوخۆ و جیهانیی، یەکەم کۆنسێرتی ساڵی 2025ی پێشکەش کرد و زیاتر لە هەزار بینەر بۆ بینینی کۆنسێرتەکە ئامادە بوون.