نوێنەرایەتیی ھەمیشەیی سعودیە لە نەتەوەیەکگرتووەکان، پەیامێکی ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد و رایگەیاند، ھێرشی تیرۆریستانەی حوسییەکان، بۆ سەر ژێرخانە مەدەنی و وێستگەکانی سعودیە بەردەوامە و رۆژی ھەینی ھێرشکراوەتە سەر وێستگەیەکی دابەشکردنی بەرھەمە نەوتییەکان لە شاری جدە و وێستگەیەکی تر لە شاری جیزان.

راشیگەیاندوە، پێویستە حوسییەکان لەسەر بەردەوامی کارە تاوانکارییەکانیان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، بۆیە داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد کۆببێتەوە و ئیدانەی ئەو پەلامارەی حوسییەکان بکات و رێکاری توند بەرامبەر ئەو گرووپە بگرێتەبەر.

ئێوارەی رۆژی ھەینی، حوسییەکانی یەمەن بە موشەکی بالیستی ھێرشیانکردە سەر وێستگەیەکی دابەشکردنی بەرھەمە نەوتییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ لە شاری جدەی سعودیە و بەھۆیەوە ئاگر لە بەشێکی وێستگەکە کەوتووەتەوە، دواتر گرووپی حوسییەکان، بەرپرسیارێتی ھێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند، ١٦ ھێرشی فراوانیان لە قوڵایی سعودیە ئەنجامداوە.