ئەمریکا پلانی ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ تاڵیبان ھەڵدەوەشێنێتەوە
کوردسات نیوز
٢٦ی ئازاری ٢٠٢٢
تاڵیبان
لێپرسراوێکی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی چاوەڕوانکراوی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان ھەڵوەشاندووەتەوە، کە بڕیاربوو لە پەراوێزی کۆڕبەندنی دەوحە لە قەتەر ئەنجام بدرێت.
ئەو لێپرسراوەی ئەمریکا، ھۆکاری ھەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ تاڵیبان، بۆ داخستنی خوێندنگە ئامادەییەکانی کچان لە ئەفغانستان گەڕاندەوە، کە رۆژی چوار شەممەی رابردوو، ھەزاران کچ لە ئەفغانستان، بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام وەزارەتی پەروردە لە حکومەتەکەی تاڵیبان، داخستنی خوێندنگە ئامادەییەکانی کچانی راگەیاند.
مانگی ئابی ساڵی رابردوو، دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان، بزووتنەوەی تاڵیبان بەڵێنیدا رێگری نەکات لە خوێندنی کچان و خوێندنگەکانی کچان بکاتەوە.