لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن، ڕاوێژکارێکی وەزارەتی بەرگری ئۆکراین مارکیان لوبکیڤسکی ڕایگەیاند گروپی نھێنی واگنەری سەر بە ڕووسیا ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکی ئۆکراین و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەیان داوە.

لوبکیڤسکی وتیشی ھەواڵگری ئۆکراین و ئەو ھێزە تایبەتەی کە زێلێنسکی دەپارێزن ھەواڵەکەیان پشتڕاستکردووەتەوە و گروپی سەربازی واگنەر لە ھەوڵەکەیان بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئۆکراین سەرکەوتوو نەبوون.

بە وتەی ئەو ڕاوێژکارەی وەزارەتی بەرگری ئۆکراین، "ھەموو دۆکیومێنتەکان و بەڵگەی پێویست ڕادەستی دادگای نێودەوڵەتی دەکرێن."

بەرپرسانی ئۆکراین دەڵێن تاوەکو ئێستا سەرۆکی ئۆکراین لە دوو ھەوڵی دیکەی تیرۆرکردن ڕزگاریبووە.

لە ئێستادا ١٥٠ سەربازی ھێزی دەریایی ئەمریکا کە بە سیلز ناسراون لەگەڵ ٧٠ سەربازی ھێزی تایبەتی ئێس ئەی ئێسی بەریتانی لە لیتوانیا جێگیرکراون و مەشق و ڕاھێنانی چڕ دەکەن، زانیاری وردی ھەوڵگریان پێدەگات، ھەرکاتێک زانیان ژیانی سەرۆکی ئۆکراین ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە مەترسیدایە ڕزگاریدەکەن.