لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای سەلاحەدین و ئاگاداربوون لە بارودۆخی پارێزگاکە و دیداری لەگەڵ بەرپرسان و کەسایەتییە دیارەکانیدا، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار، ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئابی 2025، سەردانی زانکۆی تکریتی کرد و لەلایەن مامۆستایان و ستافی کارگێڕی زانکۆکەوە پێشوازی لێکرا، کە لە پێشەوەیاندا سەرۆکی زانکۆ دکتۆر وەعد رەئووف جبوری ئامادەبوو.
لەکۆبوونەوەیەکدا کە سەرۆکی زانکۆ و راگری کۆلێژەکانی ئامادەیبوون، سەرۆک کۆمار شانازیی خۆی دەربڕی کە لەنێو زانکۆی تکریتدایە، کە بە "باڵەخانەیەکی ئەکادیمیی گەورە" وەسفی کرد و بە منارەیەکی زانستیی دیار لە عێراق و ناوەندێکی ڕۆشنبیری و فیکری لە پارێزگای سەلاحەدیندا ناوی برد.
سەرۆک کۆمار رێز و پێزانینی بەرزی خۆی بۆ رۆڵی پەروەردەیی و نیشتمانی لە دروستکردنی هۆشیاری، پێگەیاندنی نەوەکان و بنیاتنانی مرۆڤدا دووپات کردەوە.
جەختی لەوە کردەوە، کە پەیامی مامۆستایانی زانکۆ پەیامێکی باڵای نیشتمانییە و گرنگییەکەی لە هیچ بەرپرسیارێتییەکی سیاسی یان کارگێڕی لە دەوڵەتدا کەمتر نییە، ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەو عێراقەی خەونی پێوە دەبینین، لە زانکۆوە دەست پێدەکات و لەسەر دەستی ئێوە بونیاد دەنرێت.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەو بارودۆخە سەختە کرد کە بەسەر زانکۆکەدا هاتووە بەهۆی تیرۆرەوە، ئاوارەبوون، کەمیی پارەدارکردن و لاوازیی پشتیوانی. ستایشی خۆڕاگری و شکۆمەندیی زانکۆی تکریت و بەردەوامیی ستافە وانەبێژەکەی کرد لە جێبەجێکردنی پەیامەکەیاندا سەرەڕای ئاستەنگەکان.
هەروەها سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆی دەربڕی بۆ هەموو ئەوانەی لە میحرابی زانستدا وەستاون و باوەڕیان بەوە هەبووە کە عەقڵەکان تاکە ڕێگان بۆ بنیاتنانی نیشتمان.
سەرۆک ئاماژەی بە پێویستیی چەسپاندنی پایەکانی خوێندنی باڵا کرد، وەک یەکێک لە پایەکانی دەوڵەتی بەهێزی هاوچەرخ، ئەمەش لە رێگەی تەرخانکردنی رۆڵی زانکۆ نەک تەنها وەک دامەزراوەیەکی زانستی، بەڵکو وەک ناوەندێک بۆ بەرهەمهێنانی بیری رەخنەگرانە، پێشکەشکردنی چارەسەر و پڕکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بەو پسپۆڕ و لێهاتووانەی کە پشتیان پێ دەبەسترێت لە چاکسازی و بنیاتناندا.
سەرۆک کۆمار، جەختی لە بەردەوامیی کارکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە بۆ پشتیوانیکردنی زانکۆکانی عێراق و لابردنی ئەو زوڵمەی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کەرتی خوێندنی باڵا بووەتەوە، چ لە ڕووی داراییەوە یان یاسادانان یان سەقامگیریی وەزیفی.
سەرۆک کۆمار داوای لە مامۆستایان کرد، دڵسۆزی ئەم پەیامەبن و هاوبەشێکی راستەقینە بن لە پڕۆژەی هەستانەوەی نیشتمانیدا، ئەویش لە رێگەی پەرەپێدانی پڕۆگرامە زانستییەکان، پتەوکردنی توێژینەوەی ئەکادیمی، کرانەوە بەڕووی کۆمەڵگەی خۆجێی و بەشداریکردن لە چارەسەرکردنی کێشەکانیدا.
لەلایەن خۆیانەوە، مامۆستا ئامادەبووەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو پێشنیار و بیرۆکانەی سەرۆک کۆمار خستنیەڕوو، دەربڕی و جەختیان لەوە کردەوە کە هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ بەردەوامبوون لە بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و پشتیوانیکردنی رەوتی زانستی و رۆشنبیری لە وڵاتدا.
هەروەها سەرۆکی زانکۆی تکریت، دکتۆر وەعد جبووری، قەڵغانی زانکۆی پێشکەش بە بەڕێز سەرۆک کۆمار کرد وەک ڕێزێک بۆ سەردانەکەی بەڕێزیان بۆ زانکۆکە.