لە برۆکسل لوتکەی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا و گروپی حەوت بەڕێوەدەچێت
کوردسات نیوز
٢٤ی ئازاری ٢٠٢٢
یەنس ستۆڵتنبێرگ، ئەمینداری گشتی ناتۆ رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ناتۆدا گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی بەھێزکردنی لایەنی بەرگری بۆ ئێستا و داھاتوو، جەختیشی کردەوە لە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر روسیادا.
وتیشی، پێویستە لەسەر ناتۆ رێگەنەدات بە ھیچ ھێرشێک بۆ سەر سەروەری وڵاتان و بەردەوامیش دەبن لە پێشکەشکردنی ھاوکاری سەربازی بە ئۆکراین.
جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ناتۆ گەیشتۆتە برۆکسل و کۆشکی سپی سەبارەت بە سەردانەکە رایگەیاند، بایدن سزای نوێ بەسەر رووسیادا دەسەپێنێت کە کەسایەتییە سیاسی و ئابورییەکان دەگرێتەوە، جەختیشی کردەوە لە بەردەوامی پشتیوانییەکان بۆ ئۆکراین.