سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ رۆژی چوارشەممە ئاشکرای کرد کە نزیکن لەوەی لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن، لە هەمان کاتدا ئاگاداری بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوە کە کارێک نەکات زیان بە دانوستانەکان بگەیەنێت.
ترەمپ: دیپلۆماسی باشترین رێگایە
ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دەتوانن بە رێگەی دیپلۆماسی کێشەکانیان لەگەڵ ئێران چارە بکەن، بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیشم ئاگادار کردووەتەوە، نابێت کارێک بکات زیان بە دانوستانەکانیان لەگەڵ تاران بگەیەنێت."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا کە "دەتوانن هێرش بکەنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و لەناویان ببەن، بێ ئەوەی هیچ کەسێکیش بکوژرێت، بەڵام ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ ئەوە، چونکە خەریکە لەگەڵ تاران بگەنە رێککەوتن."
ئومێدی رێککەوتن لە چەند هەفتەی داهاتوودا
ترەمپ دووپاتی کردەوە کە "ئێران چاوی لە رێککەوتنە، ئەگەر بگەنە رێککەوتن ژیانی زۆر کەس دەپارێزن، بەڵام کاتی رێککەوتنەکەش دیار نییە، لەوانەیە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بێت."
کۆتایی گەڕی پێنجەمی دانوستانەکان لە رۆما
لە 23ی ئایاری 2025دا، گەڕی پێنجەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە ڕۆما کۆتایی هات.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەو بارەیەوە رایگەیاند: "گفتوگۆی ئەتۆمی لەگەڵ واشنتن ئاڵۆزە و کاتی زیاتری پێویستە."
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: "بەهۆی پێشکەشکردنی پێشنیازەکانی عوممان، پێشکەوتنی باش لە دانوستانەکاندا هەبوو."
لە لایەکی ترەوە، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان رایگەیاند کە "لە دانوستانەکانی گەڕی پێنجەمی نێوان ئەمەریکا و ئێران کەمێک پێشکەوتن هەبووە، بەڵام یەکلاکەرەوە نەبووە."
هاوکات هەر لەو دیدارە رۆژنامەوانییەدا سەبارەت بە جەنگی روسیا و ئۆکراین، رایگەیاند؛ نازانم پوتن بە نیازی چییە، بەڵام ئەگەر فریومان بدات وەڵامێکی جیاوازمان دەبێت.