هاوکات لەگەڵ تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر جەنگی روسیا و ئۆکرایندا، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین، هێرشێکی توندی کردە سەر لێپرسراوانی روسیا و مۆسکۆی تۆمەتبار کرد بەوەی لە پرسی ئاشتیدا "خەریکی یاریی سیاسیین".
زیلینسکی رایگەیاند، ڤلادیمێر پۆتن دەیەوێت لە رێگەی نزیکبوونەوە لە دۆناڵد ترەمپ، پێگەی دانوستانی کیێڤ لاواز بکات، وتیشی: "ئەوان ئەکتەرێکی زۆر خراپن، یاری بە ترەمپ و تەواوی جیهان دەکەن."
سەرۆکی ئۆکراین جەختیکردەوە، روسەکان بە هیچ شێوەیەک لە کۆتاییهێنان بە جەنگ جیدی نین و تەنها دەیانەوێت جیهان وا تێبگەیەنن کە دەکرێت متمانەیان پێ بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئۆلێکساندەر سیرسکی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئۆکراین، هەواڵێکی چاوەڕواننەکراوی راگەیاند و ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەستهێناوە و توانیویانە 400 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە هەشت ناوچەی باشوری وڵاتەکەیان کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.
ئەم پێشڕەوییە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا سوپای روسیا بەردەوام لە پێشڕەویدا بووە، بۆیە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئۆکراین وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە بەرەکانی جەنگدا دەبینرێت.
بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ساڵی ٢٠٢٦دا، ئاماری کوژراو و بریندارانی هەردوولا بە سەدان هەزار کەس دەخەمڵێندرێت (هەرچەندە هەردوو دەوڵەت ئاماری راستەقینە دەشارنەوە).
هاوکات زیاتر لە 10 ملیۆن ئۆکراینی ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە، کە بەشێکی زۆریان لە وڵاتانی ئەوروپا وەک پەنابەر دەژین.
لەلایەکی دیکەشەوە، ژێرخانی وزە و شارە پیشەسازییەکانی ئۆکراین بە رێژەی زیاتر لە 50٪ زیانیان بەرکەوتووە.
جیهان لە دوای 24ـی شوبات
ئەم جەنگە تەنها لەناو خاکی ئۆکراین نەمایەوە، بەڵکو کاریگەرییەکانى جیهانی گرتەوە:
ناتۆ، هاوپەیمانییەکە فراوانتر بوو و وڵاتانی وەک سوید و فینلاند بوونە ئەندام، کە ئەمە رێک پێچەوانەی ویستەکانی مۆسکۆ بوو.
ئابوری، نرخی سوتەمەنی و خۆراک لە جیهاندا گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی، و جیهان دابەشبوو بەسەر دوو جەمسەری رۆژئاوا و هاوپەیمانیی نوێی رۆژهەڵات.
لە چوارەم ساڵیادیدا، هێشتا زمانی چەک بەرزترە لە زمانی دیپلۆماسی. روسیا جەخت لەسەر "دیاریکردنی سنوورە نوێیەکان" دەکاتەوە و ئۆکراینش بە پاڵپشتیی ئەمریکا و ئەوروپا سورە لەسەر وەرگرتنەوەی هەموو خاکە داگیرکراوەکانی، لە نێویاندا نیمچەدوورگەی کریمیا.