لە نوێترین لێدوانیدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرک پۆست، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێراندا، مامەڵە لەگەڵ کەسانێکدا دەکەن نازانن راست دەکەن یان نا.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردوە، کەشتییەکانیان پڕچەکن و لە ئەگەری رێککنەکەوتنیان و شکستهێنانی دانوستانەکان گورزی سەربازیی توند لە ئێران دەوەشێنن.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە 24 سەعاتی داهاتودا دەزانن و بۆیان یەکلای دەبێتەوە لەگەڵ ئێران دەگەنە رێککەوتن یاخود نا.
دۆناڵد ترەمپ بە زمانێکی هەڕەشەئامێز ئاماژەی بەوە کردوە، کە ئەم چەکە نوێیانە لەو چەکانەش بەهێزترن کە پێشتر بەکاریان هێناوە و دەڵێت؛ خەریکی بارکردنی باشترین چەکن کە تا ئێستا دروست کرابێت بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا وێرانکارییەکی تەواو ئەنجام بدەن.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە بڕیارە جەی دی ڤانس، جێگری دۆناڵد ترەمپ، بە هاوڕێیەتی کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان لەگەڵ لایەنی ئێرانی کۆببنەوە.
ئامانجی کۆبوونەوەکە گەیشتنە بە رێککەوتنێکی کۆتایی دوای ئەو ئاگربەستە دوو هەفتەییەی، کە رۆژی سێشەممە راگەیەندرا.