کوردستانکوردستان

دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ هەواڵگریی عیراق، توانیویانە سەرکردەی باندێکی تاوانکاریی نێودەوڵەتی دەستگیر بکەن کە سەر بە تۆڕی "فۆکسترۆت"ـە و فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی هەبووە.

بەپێی راگەیەندراوێکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، پاش کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و بەدواداچوون لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عیراق، توانراوە ئەو سەرکردەیە دەستگیر بکرێت.

دەزگای ئاسایش روونیکردووەتەوە، ئەو تۆڕە کە بە "فۆکسترۆت" ناسراون، باندێکی مەترسیداری نێودەوڵەتین و تێوەگلاون لە ئەنجامدانی چەندین تاوان لە وڵاتانی جیهاندا، پلانیشیان هەبووە خاکی عیراق بۆ جێبەجێکردنی مەرامە تاوانکارییەکانیان بەکاربهێنن.

ئاماژە بەوەش کراوە، دەستگیرکردنی ئەو سەرکردەیە و ئەندامانی دیکەی باندەکە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بووە کە لە یەک کاتدا لە چەند پارێزگایەکی جیاواز ئەنجامدراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و دابەزینی پلەکانی گەرما و ئەگەری دروستبوونی شەختە، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قەزاکانی پێنجوێن و دوکان، سبەینێ چوارشەممە کرایە پشووی رەسمی لە ناوەندەکانی خوێندن.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سۆران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، دوای وەرگرتنی راپۆرتی کەشناسی سەبارەت بە هاتنی شەپۆلێکی بەفر و باران و دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر، لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی مامۆستایان و خوێندکاران، بڕیاردراوە سبەینێ چوارشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2026، لە سەرجەم خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکان و پەیمانگاکانی سنوورەکە بکرێتە پشوو.

لای خۆیەوە، عەدنان کاکەڕەش، قایمقامی قەزای پێنجوێن بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی کەشوهەوا و بۆ پاراستنی سەلامەتیی خوێندکاران، بڕیاریانداوە رۆژی چوارشەممە لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندنی سنووری قەزای پێنجوێن پشووی رەسمی بێت.

هاوکات، لە قەزای دوکانیش بە هەمان هۆکار و بەهۆی شەپۆلی سەرما و بەفرەوە، بڕیاردرا سبەینێ لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشوو بێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، پارەی هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان گەیشتووەتە سەر هەژماری وەزارەتەکە و رۆژی پێنجشەممە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) لە وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 12ـی ساڵی رابردوو خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەنجامدانی رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان، رۆژی پێنجشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2026، دەست بە دابەشکردنی هاوکارییەکە دەکرێت.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەت، لەم مانگەدا زیاتر لە 97%ی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لە رێگەی پرۆژەی "هەژماری من"ـەوە هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن و ئەوانەی دیکەش لە رێگەی سیستمی بانکەوە وەریدەگرن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای داگیركردنی گەڕەكە كوردییەكانی حەلەب لەلایەن چەكدارانی سوریاوە، بریندارەكانی ئەو شەڕە نابەرانبەرەش، لە رێگەی چەند ئۆتۆمبێلێكی فریاگوزاری لە حەلەبەوە گەیەنرانە دێر حافر، ئەو ئۆتۆمبێڵانەش لە رێگەی ئەو هاوكارییە داراییەوە دابینكراون، كە دەزگای میدیایی كوردسات لە مانگی شوباتی 2023 كەمپینێكی بۆ هاوكاریكردنی كوردانی رۆژئاوا و باكوری كوردستان بە ناوی كەمپینی هاوخەمتانین راگەیاند و لەو كاتەشدا زۆرترین هاوكاری كۆكرایەوە.

لە مانگی شوباتی 2023، كەمپینی هاوخەمتانین لەلایەن دەزگای میدیایی كوردسات و رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان و رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت "سی دی ئۆ"و مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسورەكە لە سلێمانی و ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان رێكخرا.

لە كۆتایی كەمپینەكەشدا لە رۆژی 11ی شوباتی 2023 لیژنەی باڵای كەمپینی هاوخەمتانین لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، دەزگای میدیای كوردسات دەستپێشخەری راگەیاندنی كەمپینەكە بووە، ئاشكراشیكرد، لە ماوەی هەفتەیەكدا 389 ملیۆن و 292 هەزار و 750 دیناری عیراقی و 132 هەزار و 840 دۆلاری ئەمریكی و 200 پاوەن و 350 یۆرۆ بە دەستی لیژنەی دارایی كەمپینەكە گەیشت، ئەو بڕە پارەیەش ئەو كاتە خرایەسەر حساب بانكی بۆ ناوچە كارەساتبارەكان.

لە رۆژانی رابردووشدا ئەو ئەبومڵانسانە بریندارانی داستانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی لە حەڵەب پێ گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەکانی رۆژئاوای کوردستان، ئەمەش بەرهەمی ئەو كەمپینەی دەزگای میدیای كوردسات بووە، كە ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی تەندروستی پێكڕدراوە و لە ئێستادا سودی لێوەردەگیرێت و بۆ خزمەتگوزاری گشتی بەكار دەهێنرێت، سیپان خەلیل بەڕێوەبەری مانگی سووری كوردیش، رایگەیاندووە، زۆر سوپاس بۆ پاڵپشتی و هاوكاریتان..

ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، هەر کاتێک هەر پارچەیەکی کوردستان توشی کارەساتێک یاخود رووبەڕووی هەر زوڵم و زۆردارییەک بووبێتەوە، پارچەکانی تری کوردستان بوونەتە فریادڕەس و هاوکارییان کردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی گڕگرتنی زۆپای غازی ماڵێك لە قەزای رزگاری، ژنێكی تەمەن 37 ساڵ گیانی لەدەستدا. 

د.رەفیق قادر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژار رایگەیاند، روداوەكە شەوی رابردوو بووە و ژن و مێردێك بەهۆی گڕگرتنی زۆپای ماڵەكەیانەوە سوتاون.

وتیشی، ژنەكە بەهۆی زۆری رێژەی سوتانەكەی گیانیلەدەستداوە و چارەسەری پێویستیش بۆ پیاوەكە كراوە و لە ئێستادا تەندروستی جێگیرە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 سەعاتی داهاتوودا بارانبارین بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ بە گشتی کەش هەور و بارانبارین دەبێت، لەگەڵ زیادبوونی خێرای با و دروستبوونی هەورە بروسکە و بەفربارین لەسەر ناوچە شاخاوییە بەرزەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، بڕی دابارین زیاد دەبێت لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دهۆک هەڵەبجە شێوازی دابارین هەندێ کات دەگۆڕێت بۆ بارانی مامناوەند و لێزمە باران.

ئەوەشی خستەڕوو، . دوبارە بە گشتی کاریگەری ئەم شەپۆلەی رووی لە ناوچەکەمان کردووە، لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چالاکتر دەبێت سەرجەمی ناوچەکەمان بارانبارینی دەبێت .

کەشناسی هەرێم راشیگەیاند، کاریگەری شەپۆلی بارانبارین بەردەوامی دەبێت باران لە سەرجەم ناوچەکەمان دەبارێت بە بڕی جیاجیا و لەگەڵ هاتنی بارستە هەوایەکی سارد و نزم بوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما.

ئاشکرایکرد، لە سەنتەری سلێمانی و دهۆک، ئیدارەی زاخۆ، ئیدارەی سۆران، راپەڕین و زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان بەفربارینی دەبێت لە کاتەکانی بەیانی.

کەشناسی دەشڵێت، کاریگەری ئەم شەپۆلە تا ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لەسەر ناوچەکەمان کۆتای دێت .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمشەو لەسەر رێگای کۆیە – دوکان روداوێکی سەختی هاتوچۆ لە نێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێک رویدا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی کۆیە بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو روداوێكی هاتوچۆ لە جۆری پێکدادان لە نێوان بارهەڵگرێکی تانکەر و ئۆتۆمبێلێکی پیکئاب رویدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی روداوەکە شۆفێری پیکئابەکە گیانی لەدەستدا.

هاتوچۆی کۆیە داواشدەکات، شۆفێران پاپەندی هێماکانی شەقام و رێنمایی هاتوچۆ بن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی هەرێم بڵاویكردەوە، شەپۆلێكی نوێی بارنبارین بەڕێوەیە و پێشبینیش دەكرێت لە ناوچە شاخاوییەكان بەفربارین دەستپێبكاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پێشبینی شەپۆلێكی نوێی بەفر و بارانبارین روو لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بكاتەوە و تا ئێوارەی ئەمڕۆش بە نمەباران بەردەوامدەبێت.

كەشناسی ئەوەشی روونكردووەتەوە، پێشبینیش دەكرێت لە كاتەكانی ئێوارەی سێشەممەدا خێرایی بارانبارینەكە زیادبكات و ببێتە لێزمە باران و خێرایی باش، بۆ سەروی 30 كم لە سەعاتێكدا زیادبكات و بەفربارینیش لە ناوچە شاخەوییەكان دەستپێبكات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساسی عیراقی لە بەغداد کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا رەفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەیبوون، پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق تاوتوێکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گەیشتن بە حکومەتێکی خزمەتگوزاریی نیشتمانی کرایەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، پەیامێکی پرسە و هاوخەمی ئاراستەی گەلی کورد و مرۆڤایەتی دەکات و تێیدا هاتووە، " خەم و پەژارەم لە بڕان نایەت بۆ ئەو هەموو شەهید و پیر و گەنج و مناڵەی، کە بە برینداری کەوتنە ژێر داروپەردووی نەخۆشخانە و خانووە ڕووخاوەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودەوە، هەروەها ئەوانەی بوونە دیلی شەمشەمەکوێرەکانی تاریکی و دوور لە نەریتی مرۆڤایەتی مامەڵەیان لەگەڵدا کرا".

 

دەقی پەیامەکەی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

 

بە دڵێکی پڕ لە خەم و ئازارەوە، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خوشک و براکانم لە ڕۆژئاوای کوردستان و سەرجەم نەتەوەی کورد و مرۆڤایەتی ئەکەم.

پرسە بۆ گیانلەدەستدانی (زیاد حەڵەب) سەرقافڵەی شەهیدانی شێخمەقسوود و ئەشرەفییە، کە بە بەرچاوی سازشکارانەی جیهانەوە لەپێناوی ئازادی و شکۆمەندیی نەتەوەکەیدا، بەرامبەر سوپای بێشووماری تاریکپەرستان ڕاوەستا و چۆکی دانەدا و تەسلیم نەبوو.

پرسە و خەمی قووڵم بۆ شەهیدبوونی (دەنیز)ی کچە شەڕڤان، کە شەمشەمەکوێرەکان تەنانەت لە جەستەی بێ گیانی نەگوزەران و بێڕێزییان بە تەرمە پیرۆزەکەی کرد.

خەم و پەژارەم لە بڕان نایەت بۆ ئەو هەموو شەهید و پیر و گەنج و مناڵەی، کە بە برینداری کەوتنە ژێر داروپەردووی نەخۆشخانە و خانووە ڕووخاوەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودەوە، هەروەها ئەوانەی بوونە دیلی شەمشەمەکوێرەکانی تاریکی و دوور لە نەریتی مرۆڤایەتی مامەڵەیان لەگەڵدا کرا.

پرسە و خەمی ئەم جارەمان ئێجگار بەسوێیە، ئێمە بۆ مرۆڤایەتی جەنگاین و شەهیدمان دا، کەچی ئەوان بۆ ئێمە لە بێدەنگی و سەیرکردن بەولاوە، وەڵامێکی تریان پێنەبوو.

لە کۆتاییدا ئەوەی جێی هیوایە، ئەو پێشوازییە بێ وێنەیە بوو، کە خوشک و براکانم لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە تەرمی پیرۆزی ئەو پۆلە شەهیدەیان کرد.

ئەمانە بۆ هەتاهەتایە ناویان لە دڵمانا بە نەمری ئەمێنێتەوە.

جارێکی تر پرسە و سەرەخۆشیم ئاراستەی سەرجەم نەتەوەکەمان ئەکەم.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە بەردەوامیی ململانێ و پێشهاتە سیاسییەكانی جیهاندا، نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.

ئەمڕۆ لەگەڵ كردنەوەی بازاڕەكاندا، نرخی زێڕ بۆ ئاستێکی پێوانەیی رووی لە بەرزبوونەوە کرد و نرخی ئۆنسەیەک لە کانزا زەردەکە گەیشتە چوار هەزار و 600 دۆلار.

هاوکات لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش نرخی مسقاڵێک عەیارە 18 بە 813 دینارە و زێری عەیارە 21ـیش بە 948 هەزار دینارە.

هاوکات مسقاڵێک زێڕی عەیارە 24 بە ملیۆنێک و 85 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

شارەزایانی ئابوری هۆكاری بەرزبوونەوەی کانزاکان بۆ هەڕەشەكانی ئەمریكا دەگەڕێننەوە کە لە ئێرانی دەکات، هەروەها ئەو سیاسەتە نەختینەیەی كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پەیڕەوی دەكات بەیەکێکی تر لە هۆکارەکان دەزانن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆسیەی لاھور جەنگی بورھان تەنھا بۆ وردبینی دەڕواتە ھەولێر، سەرچاوەیەکی یاسایی لە سلێمانی ئاشکرادەکات، دۆسیەی یاسایی ئەو تۆمەتبارە لە دادگای سلێمانی دەمێنێتەوە.

سەرچاوه‌یه‌كی یاسایی سلێمانی زانیاری له‌باره‌ی دۆسیه‌ی تۆمه‌تبار لاهور جه‌نگی بورهان و تۆمه‌تبارانی تر ئاشكرا كرد و رایگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕ‌ۆ تۆمه‌تباران به‌مه‌به‌ستی دادگایكردن به‌پێی مادە‌ی 58 له‌یاسای سزادانی عیراقی برانه‌ به‌رده‌م دادگا كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌( ئیتفقای جینائی) رێككه‌وتنی تاوانكاری، له‌سه‌ر داوای پارێزه‌رانی تۆمه‌تبار (لاهور جه‌نگی بورهان و هاوه‌ڵه‌كانی) كه‌ داواكه‌یان ئاڕ‌استه‌ی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی ( ته‌میز ) هه‌رێم كردبوو و داوای پێداچوونه‌وه‌یان له‌و دۆسێیه‌ كردبوو، له‌به‌رانبه‌ردا به‌مه‌به‌ستی وردبینی دادگای تاوانه‌كانی سلێمانی دۆسێیه‌كه‌ی ره‌وانه‌ی دادگای ته‌ممیزی هه‌ولێر كرد،  ته‌نها بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌و بڕ‌یارانه‌ی له‌قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌دا دراون.

ئەوەشی خستەڕوو، دۆسیەکە ته‌نها بۆ پێداچوونه‌وه‌ ره‌وانه‌ی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی ( ته‌میز ) لە هه‌ولێر كراوه‌. كه‌ ئه‌مه‌ش له‌روویی یاساییه‌ ئاساییه‌ بۆ هه‌موو كه‌یسێك ده‌كرێت .

ئەو سەرچاوە یاساییە ئاماژەی بەوەشکرد، جگه‌ له‌م دۆسیه‌ى تۆمه‌تبار (لاهور جه‌نگی بورهان و تۆمه‌تبارانی تر) تۆمه‌تبارن به‌دۆسیه‌یەكی دیکە به‌پێی ماده‌ی 406 له‌ یاسای سزادانی عیراقی تایبه‌ت به‌تاوانی كوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست له‌دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی سلێمانی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 سەعاتی داهاتوودا شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا پێشبینییەکانی بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان بەگشتی نیمچە هەور دەبێت، لەناوچە  سنوریەکانی رۆژهەڵات و بەشێک لەپارێزگای سلێمانی( سەنتەری شار تا ناوچە سنوریەکان) پێشبینی بەردەوامی دروست بوونی تەم دەکرێت بەرێژەی جیاجیا تا کاتەکانی درەنگانی شەو.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەئەنجامی هاتنی شەپۆڵێکی تری بەفر و باران  لە دەریای سپی ناوەڕاست، لەکاتەکانی ئیوارە کاریگەری دەگاتە هەرێم، سەرەتا لەناوچەکانی پارێزگای دهۆک بەشێوەی نمەباران و بەفر لەناوچە شاخاوییە سنوریەکانی باکور دەست پێدەکات، پاشان کاریگەری درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی  ناوەڕاستی هەرێم هەروەها دابارین بەشێوەی نمە باران و بەفر لەناوچە شاخاوییە بەرزەکان  دەست پێدەکات.

کەشناسی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت و لە سەرتاسەری هەرێم بەشێوەی نمەباران وبەفربارین لەناوچە بەرزەکان بەردەوام دەبێت، هەروەها کاریگەری نا سەقاگیری ئاسمانی هەرێم تا رۆژی چوارشەممە درێژدەبێتەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر :11 پلەی سیلیزی

پیرمام 8 پلەی سیلیزی

سۆران 3 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران 1- پلەی سیلیزی

سلێمانی 6 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ 9 پلەی سیلیزی

دهۆک 7 پلەی سیلیزی

زاخۆ 7 پلەی سیلیزی

کەرکوک 12 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 8 پلەی سیلیزی

گەرمیان  : 12 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای شکانی بۆری ئاوی ئیفرازی سێی هەولێر، توانرا بۆرییەکە چاکبکرێتەوە و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێریش دەڵێت: چاوەڕوان دەکرێت پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاو قۆناغ بە قۆناغ بگاتەوە هاووڵاتیان.

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی دوێنێ بۆڕی هێڵی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفرازی سێ، لە جۆری GRP شکا، دەستبەجێ تیمەکانیان گەشیتە شوێنی شکانەکە.

ئاماژەی بەوەکرد، لەدرەنگانی شەو بۆڕیەکە چاککرایەوە لەئێستادا ئاو بەئاراستەی کۆگاکان رەوانە دەکرێت.

بەڕێوبەرایەتی ئاوی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، چاوەڕوان دەکرێت پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ قۆناغ بە قۆناغ ئاو بگاتەوە ئەو هاووڵاتییانەی کە بەهۆی شکانی بۆڕی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز سێ بێ ئاو بوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاتوچۆی هەڵەبجە بەهۆی دروستبوونی تەمێکی چڕەوە لە پارێزگاکە ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە، لایتی بەرز بەکارنەهێنن و خێرایی ئۆتۆمبێلەکانییان کەمبکەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەڵەبجە ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە کە بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و دروستبوونی "تەمێکی چڕ" لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و دەورووبەری و هۆیەوە کەمبوونەوەی ئاستی بینین لە ئێستادا، داواتان لێدەکەین  پابەندی  رێنماییەکانی هاتوچۆ بن، خێرایی  کەمبکەنەوە، گرنگی بدەن بەلایتی ئۆتۆمبێلەکانتان، بەتایبەت لایتی "تەم" بەکاربهێنن و بەدووربن لەبەکارهێنانی لایتی بەرز (فوول لایت).

دەشڵێت، "شۆفێرانی بەڕێز بۆ کاری پێویست نەبێت سەردانی رێگەوبانەکانی دەرەوەی شار مەکەن، چونکە ئاستی بینین کەمبووەتەوە".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغداد پێشوازی لە وەفدێکی باڵای حیزبی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکی حیزبەکە کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا رەفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، رزگار حاجی حەمە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەیبوون، رەوشی سیاسیی عیراق و ناوچەکە خرایەبەر باس.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق لە کاتی خۆیدا کرایەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...101102103104105...992