دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا و تەنیا چەند ساتێک پێش کۆتاییهاتنی مۆڵەتە مەترسیدارەکەی، راگرتنی سەرجەم هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران راگەیاند.

ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس بڵاویکردەوە،  دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان و مارشاڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای ئەو وڵاتە، بڕیاری داوە بۆ ماوەی دوو هەفتە هێرشەکان ڕابگرێت، ئەم بڕیارە مەرجدار کراوە بە کردنەوەی "تەواوەتی، دەستبەجێ و بێ مەرجی" گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە.

ترەمپ رایگەیاند، ئەمە ئاگربەستێکی دوولایەنە دەبێت و بۆ ماوەی 14 رۆژ هیچ هێرش و بۆردومانێک ئەنجام نادرێت.

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، پێشنیازێکی 10 خاڵییان لەلایەن تارانەوە بەدەستگەیشتووە و واشنتن وای دەبینێت کە بنەمایەکی باشە بۆ دانوستان و کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، زۆربەی خاڵە ناکۆکەکانی رابردوو لە نێوان ئەمریکا و ئێران چارەسەر کراون و ئەم دوو هەفتەیە بۆ ئەوەیە کە رێککەوتننامەی ئاشتیی درێژخایەن کۆتایی پێ بهێنرێت و ئیمزا بکرێت.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، هێزەکانیان سەرجەم ئامانجە سەربازییەکانی خۆیان پێکاوە و ئێستا کاتی دیپلۆماسییە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.