لە هەوڵێکی نوێی دیپلۆماسیدا بۆ رێگریکردن لە تەقینەوەی بارودۆخی ناوچەکە، سەرۆک وەزیرانی پاکستان بە رەسمی دەستپێشخەرییەکی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران راگەیاند.

سەرۆک وەزیرانی پاکستان ئاشکرایکرد، هەوڵە دیپلۆماتییەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامییان هەیە و هەنگاوی ئەرێنییان بڕیوە.

ئاماژەی بەوەکرد، پەیوەندی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە کردووە و داوای لێکردووە وادەی مۆڵەتەکە بۆ دوو هەفتەی تر درێژ بکاتەوە.

سەرۆک وەزیرانی پاکستان، داواش لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات وەک نیشاندانی نیازپاکی، بۆ ماوەی دوو هەفتە گەروی هورمز بەڕووی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا بکەنەوە.

ئەم دەستپێشخەرییەی پاکستان دەیەوێت کاتێکی زیاتر بۆ دانوستانەکان بڕەخسێنێت و رێگری بکات لە بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزە و گڕگرتنی تەواوەتی ناوچەکە.

ئەم پەرەسەندنە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە جیهان بە نیگەرانییەوە چاوەڕوانی کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە دەکات کە ترەمپ بۆ ئێرانی دیاری کردووە و پاکستان وەک لایەنێکی ناوبژیوان دەیەوێت بەربەست لەبەردەم بژاردەی سەربازی دروست بکات.