یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەختدەكاتەوە، وتاری توند خزمەت بە هیچ لایەنێك ناكات و دەبێت هەرێم و عیراق بە گفتوگۆ و دەستوور ناكۆكییەكان چارەسەر بكەن.

بە سەرپەرشتی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە قەڵاچوالان كۆبووەوە، دوای كۆبوونەوەكەش كاروان گەزنەیی وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند، گفتوگۆكراوە لەبارەی بڕیارەكەی ئەم دواییەی حكومەتی عیراق بەرانبەر هەرێمی كوردستان و یەكێتی پێیوایە وتاری توند خزمەت بە هیچ لایەنێك ناكات و دەبێت هەردوولا بە رێگەی گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور ناكۆكییەكانیان لەبارەی كێڵگە نەوتییەكان و دەروازە سنوورییەكان چارەسەر بكەن.

وتیشی، یەكێتی ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەر لایەنێكی سیاسی لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان.

وتەبێژی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد، هەڵوێستی یەكێتی بەرانبەر هەنگاوە تاكلایەنەكەی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان نەگۆڕاوە و پێداگرە لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و هاوبەشی راستەقینە لە هەرێمی كوردستان.