پۆلیسی گەرمیان دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری راگەیاند، کە هەشت ماتۆڕسکیلیان لە کەلار دزیوە و لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان فرۆشتوویانەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ژمارەیەک هاووڵاتیی دانیشتووی گەڕەکەکانی قەزای کەلار سکاڵای دزینی ماتۆڕسکیلی سێ تایەیان لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان تۆمارکرد، هێزەکانیان دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرد و توانییان چوار تۆمەتبار بە تۆمەتی دزین و کڕین و فرۆشتنی ماتۆڕسکیلەکان دەستگیر بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە کە هەشت ماتۆڕسکیلی سێ تایەیان لە کەلار دزیوە و لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ساغیان کردووەتەوە.

پۆلیسی گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادان، تۆمەتبارەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.