شارەوانیی سلێمانی، دەروازەیەکی نوێ بۆ پارکی هەواری شارەکە دروستدەکات و بڕیارە لە زووترین کاتدا کارەکانی دەروازە نوێیەکە تەواوبکرێت.

سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاندووە، لەچوارچێوەی پەرەپێدانی ژێرخانی گەشتیاری و ژینگەیی شاری سلێمانیدا، کارکردن لە پرۆژەی دروستکردن و ئامادەکردنی دەروازەی دووەمی پارکی هەواری شار (سەر شەقامی سەرەکیی کەڵەکن - تونێلی پێشڕەو) بەرەو قۆناغی کۆتایی دەچێت و بڕیارە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بە رەسمی بە ڕووی سەردانیکەراندا بکرێتەوە.

شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە، کردنەوەی ئەم دەروازە نوێیە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ئەو لۆدە زۆرەی لە رۆژانی پشوو و بۆنەکاندا لەسەر دەروازەی سەرەکی دروست دەبێت، تا هاووڵاتییان و گەشتیاران بە ئاسانترین شێوە و دوور لە ئاستەنگی هاتووچۆ بگەنە ناو پارکەکە.